سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، جیهان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو دنیا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “جێرۆزالێم”، پۆست ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “بنیامین ناتانیاهوو”، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی حکوومەتەکەیدا ڕایگەیاند جیهان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو وڵاتان و ئەوە شتێک بوو کە ئێمە بەردەوام پێداگریمان لەسەر کردوە و دەیکەین.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل ژنڕال “بێنی گانتس” ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و بەهەموو جۆرێک ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبینەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی ٣٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بڕیارنامەیەکی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ کرد و داوای لەو ڕێژیمە کردوە کە دەسبەجێ ڕێگا بۆ چاودێرانی ئاژانس بکاتەوە کە سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە بکەن و هەروەها پیتاندنی ئۆرانیوم ڕابگرێ.












