باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گوندی “ڕوار”ی مەریوان کۆچی دوایی کرد.
ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، “محەممەد خیشتەندار” ناسراو بە “شامحەممەد” باوکی شەهید کەماڵ خیشتەندار لە گوندی “ڕوار” سەر بە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد لەگەڵ ئەوەی کە کوڕێکی پێشکەشی دایکی نیشتمان کردبوو، لە هەمان کاتدا پیاوێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەل و وڵاتەکەی بوو و پشتیوان و خەمخۆری حیزب و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان بوو. ماڵیان هەردەم جێگەی حەسانەوەی پێشمەرگە و جێگەی ڕێزی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو و لە هەر هاوکارییەک کە لەدەستی هاتبا درێغی نەدەکرد.
کاک محەممەد کوڕێکی بە ناوی “کەماڵ خیشتەندار” وەک کادری دەرمانیی لە هێزی زرێباری مەریوان بەوپەڕی سەداقەت و دڵسۆزییەوە لە خزمەت حیزب و گەلەکەیدا بوو.
کەماڵ خیشتەندار لە ساڵی ١٣٧٩دا لە ناوچەی هەورامان لە نێوان گوندەکانی “سلێن و ژیوار” کەوتە بۆسەی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم و بەداخەوە شەهید بوو و گیانی خۆی فیدای ئازادی و بەختیاری گەلەکەی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک محەممەد و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.