کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چالاکی و جموجۆڵەکانی ژنان نیگەرانن.
پێشنوێژی وەرامین، لە یەکەمین نوێژی هەینی دوای لابردنی سنوورەکانی کۆرۆنا و لابردنی قەرەنتینە لە شارەکان، لەوەی کە ژنان دوچەرخەسواری بکەن نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: “دەبێ لە ئاکامی دوچەرخەسواری ژنان بترسین”.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو دوچەرخەسواری ژنێک بە جلوبەرگی نەگونجاو لەگەڵ کام بەهای ئەخلاقی گونجاوە، بۆچی بەشێک لە ئێمە لەم پێوندییەدا هیچ هەڵوێستێکمان نییە”.
جێی ئاماژەیە، دوچەرخەسواری ژنان لە ئێران بە پێی یاسا قەدەغە نەکراوە، بەڵام بەشێک لە کاربەدەستان ئەوە بە کارێکی نایاسایی و دژی یاساکانی حیجاب دادەنێن، هەر لەم پێوەندییەدا دوو ساڵ لەمەوبەر پێشنوێژی هەینی ئەسفەهان، دوچەرخەسواری ژنانی لە شوێنە گشتییەکاندا بە کارێکی حەرام دانا. هەروەها “ئەحمەد عەلەم هودی”، پێشنوێژی هەینی مەشهەد ڕایگەیاندبوو کە دانیشتنی ژنان لەسەر دوچەرخە یاری بە ئیمانی کوڕەکان دەکات.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە تێیدا ژنان چالاک بن ترسی بووە و یەکێک لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا بووە، بۆیە بە هەر شێوەیەک بۆی کرابێ لەگەڵ مافەکانی ژنان دژایەتی کردوە، هەر بۆیە ژنان لە ئێراندا بەردەوام دژی یاسا ئیجبارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەستاونەتەوە.
جێی بیرهێنانەوەیە هەر لە مەریوان کاتێک بڕیار درا دوچەرخەسواری بۆ ژنان کارێکی حەرامە، ژنان کەمپەینێکیان لەم پێوەندییەدا وەڕێخست و هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەک چالاکیی دوچەرخەسوارییان وەک دژایەتی لەگەڵ یاساکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد.