بۆ دووەم ڕۆژ بەشێک لە دارستانەکانی ئاربەبای بانە ئاگر دران.
ڕۆژی یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بۆ جارێکی تر دارستانەکانی داوێنی ئاربەبا ئاگر دران، کە ڕۆژی شەممەش بەشێکی تر لەم دارستانانە ئاگر درابوون.
بە پێی زانیارییەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “پاژین”ـی بانە ئەگەری ئەوە هەیە کەسانێک بیانهەوێ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بە مەبەستی لێدانی ڕەز ئەو دارستانانە بسووتێنن تاوەکوو دارەکانی وشک ببێ و بە مەبەستەکانیان بگەن.
پاژینی بانە ڕایگەیاندوە کە پێویستە خەڵک و لایەنە پێوەندیدارەکان ڕێ بەو کارە بگرن و ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک بەو شێوەیە ژینگەی کوردستان لەنێو ببا.
جێی ئاماژەیە، ئەم ئاگرەش وەک هەمیشە بە هیممەتی خەڵکی ژینگە دۆست و ژینگە پارێز کۆنتڕڵ کرایەوە.
شایانی باسە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما هەموو ساڵێک سووتانی دارستانەکانی کوردستان دەست پێدەکەنەوە و بە هەزاران هێکتار لەم دارستان و زەوییانە دەسوتێندرێن، کە بە پێی زۆرێک لە هەواڵەکان بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانی کوردستان دەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت سپای پاسدارانی لە پشتە کە بۆ جێبەجێ کردنی پیلان و ئامانجەکانیان ئاگر بەر دەدەنە دارستانەکان و لە لایەکی تریش کەسانی هەلپەرست بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان ژینگەی کوردستان دەسووتێنن و هەوڵی تێکدانی دەدەن.