بەشێک لە ئاواییەکانی خوراسان بەهۆی کەمیی ئاو تووشی کێشە و گرفت بوونەتەوە.
ئاواییەکانی بەشی سنگان، سەر بەشاری “خواف”، لە پارێزگای خوراسان بەهۆی لێدانی بیرە ئاوییەکان بۆ مەبەستی کاری کانزایی و کارگەکان، لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
خەڵکی ئەم ئاواییانە بە ناچاری ئاوی خواردنەوەی خۆیان لە ڕێگەی دەفر و دەبەی پلاستیکی لە شاری سنگانەوە بۆ ئاواییەکان دەگوازنەوە.
ئەو ئاواییانە هەر لە کۆنەوە بەهۆی سەختی ناوچەکە و دوورە دەستییەوە بۆ دابینکردنی ئاو سوودیان لە ئاوی کارێز و کانیاوەکان وەرگرتوە، بەڵام ئێستا بەهۆی لێدانی بیرە ئاوییەکان و لولەکیشی ئاوییەوە لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوو بوونەتەوە.
شایانی باسە، بەشێکی زۆر لە ئاواییەکانی ئێران و کوردستان لە ئاواییە پەرواێز خراوەکانن و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان کە دابینکردنی ئاوە بێبەشن و خەڵکی ئەم ناوچانە ناچارن دەیان کیلۆمیتر ببڕن تا بتوانن دەستیان بە ئاو ڕا بگا، زۆر جاریش بە ناچاری ئاویان کڕیوە، بەڵام دۆخی قەیراناوی و هەژاری لەم ناوچانە لەوانەیە ڕێگر بێ لەبەردەم ئەوەی خەڵک بتوانن ئاو بکڕن، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچانە بەردەوام گلەیی و گازندەیان لە دەسەڵات و حکوومەت هەیە، بەڵام تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە.