لە ساڵێکدا لە ئێران ٦٠٠ ژن بە تۆمەتی وەپاڵدانی کێشەی نامووسی کوژراون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”, کە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، بڵاویکردۆتەوە و پشتی بە ڕاپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەستوە، لە سەتا ٣٠ی کوشتنەکان لە ئیران لەسەر مەسەلەی نامووسییە و هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی سالێکدا ٦٠٠ ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕیژیمی ئاخوندیدا کوژراون کە کاریگەریی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێوە دیارە.
شایانی باسە کە بە هۆی سانسۆر و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە ئێراندا ئاماری ڕاستەقینە لە بەردەستدا نییە، بەڵام میدیا و پەروەردەی سیستماتیکی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پەرەپێدان بە بیری دواکەوتوویی و دژە ژندا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران لەگەڵ مافی ژنان ڕەفتار دەکا کە لەوێدا مافی ژنان پێشێل کراوە و بەهۆی پەرەپێدانی بیری دوکەوتوانە و کۆنەپەرستانە کە ئاخوندەکان ڕۆژانە لە بڵیندگۆکانەوە خەڵکی پێ بەلاڕێدا دەبەن و، ئەوەش بۆتە هۆی دەمارگرژی و دواکەوتوویی و ڕێز نەگرتن لە مافەکانی ژنان. یاساکانی کۆماری ئیسلامی و تەبلیغات و پڕوپاگەندەی ئاخوندەکان بۆتە هۆی پەرپێدانی توندوتیژی و ساڵانە سەدان ژن بە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن پیاوانەوە دەکوژرێن و بێسەروشوێن دەکرێن.