ماویەکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی هێنانی هێز و چەکوچۆڵی زیاترە بۆ سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەهێزێکی زۆری ڕێژیم و دانانی مۆڵگە تەنراوە، ماوەیەکە ڕێژیم بە بیانووی مانۆڕی سەربازی هێزێکی زۆری دیکەی ڕەوانەی سنوورەکان کردوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە ڕێگەی تۆپخانەوە خاک و خەڵکی باشووری کوردستانیان لە ناوچە سنوورییەکان تۆپباران کرد و زیانیان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە گەیاند.
لەم ڕۆژانەدا ڕێژیم بە کۆکردنەوەی هێز لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ و دیواندەرە و سەقز زیانی زۆری بە خەڵکی وەرزێر و مەڕدار و کاسبکار گەیاندوە و لە دوو ناوچەدا مەڕدارەکانیان ناچار کردوە کە مێگەلەکەیان لەو ناوچانە دوور بخەنەوە و لە ناوچەی شنۆ مەڕوماڵاتی خەڵکیان بە تاڵان بردوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چل ساڵە خەریکی میلیتاریزەکردنی کوردستان و تێکدانی سروشتی ئەم نیشتمانەیە و بۆ پیلان و پلانە سەربازییەکانی و ڕەز و باخ و لێڕەواری کوردستان دەسووتێنێ و بە تاڵانی دەبا. هەموو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێلدڕوو و مینڕێژ کردوە و هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانیان لەم سنوورانە بە ئارەزووی دڵی خۆیان خەڵک دەکوژن و بێڕێزی بە خەڵک دەکەن یان ڕەوانە و ڕاپێچی بەندیخانەکانیان دەکەن.