“زەینەب جەلالیان”، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین دایە و تووشی پەتای کۆرۆناش بووە دەستی دایە مانگرتن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤ، “زەینەب جەلالیان”، زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە زیندانی “خۆی” گواستبوویانەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و ماوەی مانگێکە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و ئێستا سەرەڕای نەخۆشیی کە لە بەندی قەرەنتینەی زیندانی قەرچەکی وەرامیندا ڕایانگرتوە، مانی لە خواردن گرتوە.
هەر بە پێی ئەو هەواڵانە زەینەب بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ زیندانی خۆی یان ئێڤین بەهۆی مانگرتن لە خواردن هەتا دێت دۆخی تەندروستی بەرەو خراپبوون دەچێ.
شایانی باسە کە زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر کرا و لەساڵی ٨٨دا بە تاوانی ئەندامەتیی لە حیزبێکی کوردیدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا کە دواتر هەر ئەو حوکمە پەسەند کرا و بە پلەیەک خوارتر بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درا.
جێگای ئاماژەیە کە جەلالیان پێشتریش لە زینداندا تووشی نەخۆشیی چاو بووە و دۆخی تەندروستیی لەوپەڕی خراپیدایە.