“مستەفا کازمی”، سەرۆک وەزیرانی عێراق ١٥ ڕۆژی دیکە سەردانی ئەمریکا و عەرەبستان دەکا و ئەمەش بە واتای دوورکەوتنەوەیە لە کۆماری ئیسلامیی ئیران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە عێراقییەکان کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاویان کردەوە، “مستەفا کازمی”، سەرۆک وەزیرانی عێراق ١٥ ڕۆژی دیکە سەردانی ئەمریکا دەکا و دواتریش بڕیارە بچێتە عەرەبستانی سعوودی و بەم کارەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نیگەران کردوە .
شایانی باسە کە مستەفا کازمی پێشتریش فەرمانی بە “ئیسمائیل قائانی”، کردبوو کە بە بێ ویزا نەچێتە خاکی عێراقەوە، هەروەها فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و نزیک بوونەوە لە عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا نیشانەکانی دوورکەوتنەوەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامیی و دوور کردنەوەی ئەو ڕێژیمە لە عێراق خواستی خەڵکی عێراقە کە لە ماوەی ڕابردوودا داوایان کردوە و لە خۆپێشاندانەکاندا دژ بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەدا و بنکە و بارەگاکانی ئەو ڕێژیمە ئاژاوەگێڕەیان لە چەند شارێکی عێراق سووتاند کە ئەمەش ئەوپەڕی تووڕەبوونی خەڵکی عێراق بوو لە کۆماری ئیسلامی کە لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەددام حوسێنەوە خەریکی ئاژاوەگێڕی و دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی عێراق.












