باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی هەینی، ٣٠ جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، حاجی “سلێمان مەحموودی”، خەڵکی گوندی “شەختان”ی سەر بە ناوچەی پیرانشار کۆچی دوایی کرد. حاجی سلێمان پیاوێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و دوو کوڕی لە ڕێگای ڕزگاریی گەلەکەیدا پێشکەشی دایکی نیشتمان کردوون. حاجی سلێمان خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو، جێگەی ڕێزی خەڵک بوو و زۆر کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی چارەسەر دەکرد.
کوڕێکی بە ناوی “حەسەن مەحموودی”، پێشمەرگەی هێزی قەندیل بوو و بەوپەڕی فیداکاری و قارەمانەتییەوە خزمەتی حیزب و گەلەکەی کرد و لە شەڕەکانی شێلمجاڕان، جادەی سەردەشت _ پیرانشار، گردەبن و دەروازە و چەند شەڕێکی دیکە بەشدار بوو و بەداخەوە لە شەری ” کونەکێچ” لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوو.
هەروەها کوڕێکی دیکەی بە ناوی خدر لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا و دوای نزیک بە دوو ساڵ زیندانی و ئەشکەنجە و ئازار لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە لە سێدارە درا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی حاجی سلێمان مەحموودی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.