لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ١٠٦ کەس لە کوردستان بەتۆمەتی چالاکیی سیاسیی دژ بە کۆماری ئیسلامی گیراون و ٣٦ کەس لەوان حوکمی ٢٣٠٠ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا دا ١٠٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٣٦ کەس لەوان حوکمی ٢ مانگ تا ٢٥ ساڵ (سەرجەم ٢٣٧٢ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە، بەندکراوێکی سیاسیی کوردیش بەتۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە؛ هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨)یش لانیکەم ٨٥٤ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٨٥٤ بەندکراوە سیاسییە لانیکەم ٢٠١ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٣٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها ٢ بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و ٥ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجە یان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە گرتووخانەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرابوو.