لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا هەرنەبێ ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا کە کۆمەڵگەی مرۆیی بە پەتای کۆرۆناوە گرفتار بووە و هەموو وڵاتان و دەوڵەتان بەپێی توانایان لە هەوڵی خزمەتکردن بە خەڵکی خۆیان و کەمکردنەوە لە مەینەتی و کێشەکانیاندا بوون، ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو ٥٨ کۆڵبەرە ٢٤ کەسیان کوژراون و ٣٤ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها دوو کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مین لاقیان پەڕیوە.
کوژران و برینداربوونی ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨)یشدا ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار ببوون. لەو ٢٤٠ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٧٣ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٦٧ کەسیش بریندار ببوون.