تەرمی “غوڵام ڕەزا مەنسووری”، دادوەری دەزگای دادی کۆماریی ئیسلامیی ئێران کە تاوانبار بوو بە دزی و گەندەڵی لە بۆخارێستی پێتەختی ڕۆمانی دۆزرایەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی وڵاتی ڕۆمانی، ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، تەرمی “غوڵامڕەزا مەنسووری”، دادوەری دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە تاوانی دزی و گەندەڵی لە بۆخارێست دەسبەسەر کرا و پاشان بە مەرج ئازاد کرابوو لە هۆتێلی شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو دۆزرایەوە.
شایانی باسە کە مەنسووری لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لە دادگای ڕۆمانی لەسەر پیشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کاتی دادوەرییەکەیدا و ئەشکەنجە و ئازاری زیندانیان لە ئێران سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو.
بەپێی هەوڵی هێندێک لە هەواڵدەرییەکان، ناوبراو لە شوێنی حەوانەی خۆی واتە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە فڕێدراوەتە خوارەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی ڕەسمی ڕووداوەکەین.
عەلی باقری جێگری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرگی ناوبراوی بەخۆکوشتن ناوبرد.
پۆلیسی ڕۆمانی ڕایگەیاند کە خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن لەسەر مەرگی ناوبراو و تا ئێستا هیچ ڕاپۆرت و هەواڵێکیان لە وردەکاری و هۆکاری ڕووداوەکە بڵاونەکردۆتەوە.












