سێ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە لە ڕاگەیەندراوێکدا گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تا ساڵی ٢٠٢٣ درێژ کردەوە .
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فرانس پرێس”، ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە ڕێکەوتنی بەرجام، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تا ٣ ساڵی دیکە واتە تا ساڵی ٢٠٢٣ درێژ کردەوە و، داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە گەمارۆ سەربازییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە درێژ بکاتەوە.
ئەو وڵاتانە هەروەها ڕایانگەیاند کە لەم کاتەدا لابردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ناوچەکە و نابێ ئیزن بدەین ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی و کەرەستەی مووشەکیی پێشکەوتوو بگا.
شایانی باسە کە ئەمریکاش هەوڵی درێژکردنەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدا کە سەرەتای پاییزی ئەمساڵ کاتەکەی بەسەر دەچێ.












