سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا کەشتییەکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو ڕۆژی دیکە دەگاتە وێنێزۆئێلا .
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئاسۆشیتێدپرێس”، ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، کەشتییەکی بارهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوی “گوڵسان”، گەیشتۆتە ناوچەی کارائیب و لەوانەیە تا ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممە بگاتە وێنێزۆئێلا. هەرچەند باری ئەو کەشتییە تا ئێستاش دیار نییە کە چییە بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بازرگانی کاراکاس بە ناوی “ڕاس دالێن” بە هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێسی گوتووە پێدەچی باری کەشتییە ئێرانییەکە کەرەستەی پاڵاوگەی نەوت بێ کە لە ئێستادا وێنێزۆئێلا پێویستی پێیەتی.
شایانی باسە، هەر لەم مانگەدا پێنج کەشتیی نەوتکێشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەک میلیون و پێنسەد هەزار بۆشکە بێنزین و سووتەمەنیی دیکەوە گەیشتوونەتە کاراکاس.
جێگای ئاماژەیە کە هەر دوو ڕێژیمی وێنێزۆئێلا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گەمارۆی ئەمریکایان لەسەرە.












