شوڕای بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتومی لە بڕیارنامەیەکی نوێدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە چالاکییە ئەتومییە ڕێگەپێنەدراوەکانی سەرکۆنە کرد.
ئەم بڕیارنامەیە کە ڕۆژی هەینی، ٣٠ی جۆزەردان پەسند کرا، یەکەمین بڕیارنامەی ڕەخنەگرانە لەدژی ئێران لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوویە و، لەلایەن سێ وڵاتی ئەڵمان، فەڕانسە و بریتانیاوە گەڵاڵە کرابوو. لەم بڕیارنامەیەدا داوا لە ئێران کراوە ڕێ بە پشکێنەرانی ئاژانس بدا سەردانی بنکە ئەتومییەکانی ئەم وڵاتە کە چالاکیی جێ شکوگومانیان تێدا دەکرێ بکەن و، لە هەموو بوارێکدا هاوکاریی ئاژانس بکا.
ئامریکا پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانیی ڕەهای خۆی لەو بڕیارنامەیە دەربڕیبوو، بەڵام چین و ڕووسیە ڕایانگەیاندبوو کە دژی پەسندکرانی وەها بڕیارنامەیەکن. ئەو بڕیارنامەیە لە کاتێکدا پەسند کرا کە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو پەسندکرانی بڕیارنامەکە ڕێ لە هەموو سازان و پێکهاتنی دواتریان دەگرێ.












