تێکواندۆکارێکی خەڵکی ئێران کە پشکی ئۆلەمپیکی تۆکیۆی بەدەست هێناوە دەڵێ: “دۆخەکە زۆر خراپە، بە وەرزشکاری پرۆفیشناڵ ناسراوین، بەڵام هیچ مافێکمان پێ ڕەوا نابینن.”
“ئارمین هادیپوور”، تێکواندۆکار، دەڵێ: “نابێ بە شوێن مافەکانمانەوە بین، نابێ چاوەڕوانی دابینکردنی ئیماکاناتی ڕاهێنان بین، لە ئێران وەرزشکار تەنیا دەبێ میداڵ بەدەست بهێنێ و لە کێبەرکێکانی داهاتووشدا دیسان دووبارەی بکاتەوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە “لە چەند حەوتووی ڕابردوودا هەندێک لە وەرزشوانە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، بە توندی ڕەخنەیان لە دۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە گرتوە کە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو بێوێنە بووە.
ناوبراو بە هەواڵدەری “تسنیم”ـی ڕاگەیاندبوو کە “کار لە ناڕەزایەتیدەربڕین تێپەڕیوە، هەموو لە دۆخەکە ماندوون، بەڵام هەرکەس ئێران جێ بهێڵێ مۆرکی بێغیرەتی لێ دەدەن.”
هەروەها گوتی: “ڕاهێنەرێک کە پێشنیاری ڕۆیشتنە دەرەوە لە وڵاتی بە من دابوو گوتی ئەگەر پێشنیارەکەیم قەبووڵ کردبا، هەموو شتێکم دەست دەکەوت.”
ناوبراو هەروەها گوتی: “هیچ وەرزشوانێک نایهەوێ بۆ وڵاتانی تر یاری بکا، بەڵام بە ناچاری و بە هۆی ئەوەی بەرپرسان قەدریان نازانن بەرەو وڵاتانی تر کۆچ دەکەن.”
هادیپوور کە خاوەنی میداڵی زێڕینی ئاسیایە، جەختی کردەوە: “ئەگەر وەرزشوانە ئێرانییەکان موختار بکەن و سێ ساڵ بێبەشبوون لە سۆنگەی گۆڕینی تابعیەتیان لەسەر هەڵگرن، کام یەک لەوان لە ئێران دەمێنێتەوە؟”
لە هەمان کاتدا گوتیشی ئەگەر کێشەی ماڵیی وەرزشوانان دابین و چارەسەر بکرێ، ۹٥٪یان دەگەڕێنەوە بۆ ئێران. ئەگەر وا نەبوو پشکی ئۆلەمپیکی خۆم دەدەم بە منداڵی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس با ئەو بەشداری ئەم کێبەرکێیانە بێ.