لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشێک لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان سەبارەت بە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هۆشدارییان داوە.
لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتوە، “وەک ئاگادارن ڤایرۆسی کۆرۆنا دووبارە دەرکەوتۆتەوە و، لە شەپۆلی دووهەمدا بە نیشانەگەلێکی جیاوازتر و نادیارتر خۆی نواندوە، ئەم ڤایرۆسە هەرچەند لە شەپۆلی یەکەمدا توانی زەربەیەکی تا ڕادەیەک خراپ لە جەستەی کوردستان بدا، لە شەپۆلی دووهەمدا و لە ئێستادا خەریکە بە تێکڕا لە ناومان دەبا و بەربووەتە گیان و ماڵی هەموومان. بە تایبەت لە شاری سنە کۆڕۆنا هێڵە سوورەکانی بەزاندوە و لە کارەسات نزیک دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسان هەروا لە خەودان و نایانهەوێ بێدار ببنەوە.”
هەروەها لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە “یەکێک لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی دەوڵەت پاراستنی ماڵ و ژیانی خەڵکە لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا، هەروەها ڕاگەیاندنی دابڕگە و دابینکردنی مووچە و کەلوپەلی پێویست بۆ ئەم دۆخە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی دەسەڵاتە کە بە داخەوە نەک جێبەجێ نەبوە بەڵکوو سەرجەم بڕیارەکانی دەسەڵات یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بوون. بۆیە وەک لایەنە مەدەنییەکانی کوردستان داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکەین کە بە شێوەی فەرمی دابڕگە ڕابگەیەنن، مووچەی یەک مانگی کرێکاران و کەسانی هەژار و کەم داهات دابین بکەن تا خەڵک بتوانن بۆ یەک مانگ لە ماڵەوە بمێننەوەو خۆیان بپارێزن.”
هەروەها لە بەشێکی تردا، “داواکارن لە خەڵک ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕەچاو بکەن تاوەکوو بە هەوڵ و هاوکاری هەموو لایەک بتوانن بەسەر ئەو دۆخە نەخوازراوەدا زاڵ بن.”
جێی ئاماژەیە، ئەو نامەیە لە لایەن، ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین، ناوەندی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین، دامەزراوەی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتی زاگرۆس، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، گرووپی شاخەوانی و ژینگەیی چلچەمە، حەوتەنامەی دەنگی کوردستان و کۆما کوردستانێ سەوز” واژۆ کراوە و بڵاو کراوەتەوە.