خاتوو “ئامینە مەجیدی”، دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات و هەروەها پێشمەرگەی دێرین “حەسەن قەیوم”، کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “ئامینە مەجیدی” لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە شاری مەھاباد کۆچی دوایی کرد.
دایە ئامینە دایکی شەهید “کاوە قەیوم” بوو کە لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە کاتی عەمەلیاتێکی ھێزی شەھید پێشەوا لەنێو شاری مەھاباد دەکەوێتە بەر دەستڕێژی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەھید دەبێ.
دایە ئامینە ژنێکی تێکوشەر، خەڵک خۆشەویست و پێشمەرگەپەروەر بوو. لە کاتی بوونی پیشمەرگە لە ناوچەکاندا سەرەڕای هەموو مەترسییەک ھاتوچۆی ناوچە ئازادکراوەکانی دەکرد و لەگەڵ حەسەنی کوڕی و پێشمەرگەکانی دیکە دیداری نوێ دەکردەوە.
جێی ئاماژەیە ناوبراو لە کاتی بە خاکسپاردنیدا لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری مەھابادەوە بە شکۆوە ئەسپەردەی خاک کرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی دایە ئامینە مەجیدی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.