دیپلۆماتکارێکی پایە بەرزی ئیمارات گووتی: “ئیمارات ئامادەیە لە هێندێک بواری وەک ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تێکنۆلۆژی، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی سیاسیش بە ڕێککەوتن نەگەن لەگەڵ ئیسرائیل هاوکاری بکا”.
بە پێی ڕاپۆرتیێکی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، بڵاو کرایەوە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی جووەکانی ئەمریکا کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو، “ئەنوەر قەرقاش”، وەزیری ڕاوێژکاری دەرەوەی ئیمارات پێوەندی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی بە گرینگ ناوبرد و ڕایگەیاند ئەو پێوەندیانە دەسکەوتی گرینگتری لە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەبێت.
چەند ڕۆژ پێش یۆسف ئەلعەتیە، باڵوێزی ئیمارات لە واشینگتۆن لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی “یەدیعوت ئاحارونوت” نووسی: بەستێنی دروستبوونی پێوەندی لە نێوان تل ئاڤیڤ و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ئامادە کراوە، بەڵام گەڵاڵەی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرانەی باختەری بە خاکی ئیسرائیل کاریگەریی هەیە لەسەر پێوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا.












