وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: پارێزگاری خووزستان کاسەلێسێکی مرۆڤکوژە کە لە خزمەت سەرکوتکەرەکانی تێرۆریستی تاراندایە.
لاپەڕەی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٩ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک لە کاردانەوە بە قسەکانی پارێزگاری خووزستان کە ڕەتیکردبۆوە لە ماهشەهردا هیچ کەسێک بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژرابێ و، لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەوانە هەمووی دەنگۆیە و شانۆگەریی ئەمریکا و ئیسرائیلە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کەسێکی نەکوشتوە، ڕایگەیاند کە پارێزگاری خووزستان غوڵام ڕەزا شەریعەتی کاسەلێسێکی مرۆڤکوژی سەرکوتکەرانی تارانە و، هەر بۆیە لە کاسەلێسێک ناکرێ چاوەڕوانی لەوە زیاتر بکرێ .
شایانی باسە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رۆژ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگاکانی کرماشان و خووزستان کە دانیشتوانەکەی کورد و عەرەبن دەستی نەپاراستووە و ئاماری کوژراو و بریندار لەو دوو پارێزگایە زۆر زیاترە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا کە لەسەرتاسەری ئێران بە دژی ئاخوندەکان بەڕێوەچوو،١٥٠٠ کەس بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست دا و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و ڕەوانەی زیندانەکان کران، لە ماهشەهر لە پارێزگای خووزستان کەسانێک کە لە دەستی هێزەکانی ڕێژیم هەڵهاتبوون و خۆیان حەشار دابوو، بە فەرمانی پارێزگاری خووزستان تەقەیان لێکراو ئاگر دران و هەموویان کوژران.












