ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پیاوێکی کرمانی بە میلەیەکی ئاسن کچەکەی خۆی کوشت و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە مێدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە.
دوای سەربڕینی “ڕۆمینا ئەشرەفی”، تازەلاو لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە لایەن باوکیەوە و دواتر کوژرانی کچێکی دیکە لە لایەن براکەیەوە و ئەمجارەیان کوژرانی کچێکی لاو بە ناوی “ڕیحانە عامری”، دیسان لە لایەن باوکیەوە لە کرمان، چەند پات بوونەوەی ئەو قەتڵە نامووسیانەن کە لەژێر دەسەڵات و یاسای کۆماری ئیسلامیدا ڕوودەدەن.
ڕێژیمی دواکەوتوو و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یاسا دواکەوتووەکانی و دژایەتی مافەکانی ژنان بەستێنێکی خوڵقاندوە کە کەسانی وەک باوکی ڕۆمینا و ڕیحانەکانی تێدا پەروەردە دەبن. یاسا دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی و تەبلیغاتی ئاخوندەکان دژ بە ژنان و هاندانی پیاوان بۆ چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافی ژن و کچەکانیان، بۆتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و سەدان ڕووداوی وەک کوشتنی ڕیحانە و ڕۆمینای بەو شێوە نامرۆڤانەیە لێکەوتۆتەوە و بۆتە دیاردەیەک کە بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتوە.
لەگەڵ ئەوەی کە چالاکانی مافی ژنان و ئەنجومەنە مەدەنییەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پێشگیری لەو ڕووداوە تاڵانە، بەڵام پێشگیری دەسەڵات لە چالاکییەکانیان و دژکردەوەی ئاخوندەکان و یاسا سەقەتەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکانیان و کاربەدەستانی ڕێژیم لە هەوڵی ئەوە دان کە کۆمەڵگە بەرەو دواوە بگێڕنەوە و نەهێڵن کۆمەڵگە پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ و ئەمەش قەتڵی ڕۆمینا و ڕیحانەکانی لێدەکەوێتەوە و دەسەڵاتیش نەک هەر خۆی بە بەرپرس نازانێ بەڵکوو بەستێنی ئەم جۆرە قەتڵانەش ئامادە دەکا.