سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، پاش خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایانە دژی کوشتنی ڕەش پێستێک لە لایەن پۆلیسەوە، فەرمانی جێبەجێکردنی چاکسازیی دەزگای پولیسی واژۆ کرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانی چاکسازیی لە دەزگاکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەی واژۆ کرد و گوتی: “ئێمە هەنگاوێکی مێژوویی هەڵدەگرین تا ئاسایش بۆ هەموو شارۆمەندێکی ئەمریکایی، لە هەر دین، ڕەچەڵەک و ڕەنگێک مسۆگەر بکرێت، بۆ ئەمریکاییەکان یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە”.
شایانی باسە کە لە چاکسازییەکەدا بڕیار وایە ناوەندی پۆلیس بەرزترین و نوێترین ئیستانداردەکان ڕەچاو بکات، لە دامەزرانی هەندێک کەس لە دەزگای پولیس. هەروەها ترامپ سەرەخۆشی لەو بنەماڵانە کرد کە بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی پۆلیس و گوتی: “دادپەروەری دەبێت جێبەجێ بکرێت و خۆی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکا”.
جێگای ئاماژەیە کە لە ئەمریکا بە هۆی کوژرانی کەسێکەوە یاسایەک دەگۆڕدرێ، بەڵام لە ئێرانی بن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا بە هەزاران کەسیش لە چەند ڕۆژدا کوژران، نە کەس سزا درا و نە یاسایەکیش گۆڕا. جیاوازی لەوە دایە کە لە ئێران بە فەرمانی سەرۆک کۆمار خەڵک دەکوژرێ و قاتڵەکانیش هەر بە فەرمانی ئەو خەڵات دەکرێن.












