“مایک پۆمپێئۆ”، لە تویتێکدا داوای لە وڵاتانی جیهان و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی کرد، گوشاری زیاتر بخەنەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکانی.
بە پێی هەواڵی هەوڵدەریی ڕۆیتێرز، “مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردوە، گوتی: “بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆدەبوێرێ لە ئاشکراکردنی ڕاددەی ڕاستەقینەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و ئیزن بە چاودێرانی ئاژانس نادا کە چاویان بە سایتە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە بکەوێ، کەواتە دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەو ڕێژیمە بۆ ملکەچبوون بە بڕیارەکانی ئاژانس.
شایانی باسە، وڵاتانی فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیاش پاش ڕاگەیاندنەکەی ئاژانسی ناوکی داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە کە هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بکا و دەسبەجێ ئیزنی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی بە لێکۆڵەرانی ناوکی بدا.
جێگای ئاماژەیە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە هەروەها، جەختیشی کردەوە کە لێرەدا پێویستە ئاژانس لێهاتوویی خۆی بنوێنێ کە چەندە دەتوانێ و دەیهەوێ گوشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.












