بنەماڵەی قوربانیانی ئەو فڕۆکە ئۆکڕایینیەی کە لە ئێران کەوتە بەر هێرشی مووشەکەکانی سپای پاسداران، بۆ بەدواداچوونی پەروەندەکە ئەنجوومەنێکیان پێکهێنا.
دوای ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکڕاین بە ١٧٦ سەرنشینەوە لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە مووشەک خرایە خوارەوە و، هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا، کاردانەوە و لێکەوتەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا.
سەرەتا کاربەدەستانی ڕێژیم وەک هەمیشە ویستیان ڕووداوەکە چەواشە بکەن و دواتر بە خەتای ئینسانییان لەقەڵەم دا، بەڵام مێدیا و گوشاری خەڵک و دەوڵەتان و بنەماڵەی قوربانییەکان باوەڕیان بە وتە و لێداوانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم نەکرد و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خەریکی بەدواداچوونی پەروەندەکە و پێکهێنانی دادگایەکی عادڵانەن. لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی سەندووقە ڕەشەکەی فڕۆکە ئۆکڕایینەکەی ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکردوە، بەڵام هەموو قەرینەکان دەریدەخەن کە بە مەبەست ئەو کردەوە جینایەتکارانەیەی ئەنجام داوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، بنەماڵەی قوربانییەکان لە کانادا ئەنجوومەنێکیان بۆ بەدواداچوونی پەروەندەکە و بەڕێوەبردنی عەداڵەت پێکهێناوە و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە و کۆماری ئیسلامی بکێشنە دادگایەکی عادلانە و سەربەخۆ. ئەوان ڕایانگەیاند کە تەنیا بە قەرەبووکردنەوە قەناعەت ناکەن و داوای بەدواداچوون دەکەن.
کۆمەڵێک لە کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکە باس لەو بێڕێزیانە دەکەن کە لە کاتی چوون و سەردانیان بۆ ئێران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پێیان کراوە و لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکەن کە هیچ کام لە کەلوپەلی قوربانییەکان نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکانیان و کاربەدەستانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە کەسوکاری قوربانییەکان کردوە کە لەو بارەوە هیچ لێداوانێک نەدەن.












