ئۆمێد کوردستانی، یەکێک لە زانانە هەرە بەناوودەنگەکانی بواری ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو جیهان، کە تا ماوەیەک لەمەوبەر بە یەکێک لە گرینگترین کاربەدەستانی کۆمپانیای گەورەی گوگل بوو، پەیوەست بوونی خۆی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پشتڕاست کردهوە.
هەواڵی پەیوەست بوونی ئەو زانا کوردە بە تویتەر لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی ئەو کۆمپانیاوە ئاشکرا کراو و هاوکات خودی ئۆمێد کوردستانیش لە پەیامێکدا کە لە پێگەی تویتەری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، خۆشحاڵیی خۆی بە پەیوەستبوونی بە تویتەر دەربڕیوە و دەڵێ: بۆ من جێی خۆشحاڵییە که لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک نێت سکایپ، گوگلو ئێستاش لەگەڵ تویتەردا کار دەکەم کە لە هەوڵی گۆڕینی بنیاتیدان لە جیهاندا و، ڕێبەری گۆڕانکارییەکان دەکەن لە ڕێگەی جیهانی بێ کۆتایی ئینتێرنێتەوە.
ئۆمێد کوردستانی تەمەن ٥١ ساڵ، لە شاری تاران لە دایک بووەو پاش مردنی باوکی چۆتە ئەمریکا و پاش کۆتایی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە، لە چەندین کۆمپانیای گەورەی ئەو ولاتە کاری کردووە و ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، وەکوو ١١هەمین فەرمانبەری کۆمپانیای گەورەی گوگل دەستی بە کار کرد. ئهو تا ئاستی بەرپرسی بەشی دارایی ئەو کۆمپانیایە ڕۆیشتو یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە گۆڕینی ناوی گوگل بۆ ئالفابێت دەوری کاریگەری هەبوو. شارەزایانی ئابووری لەو بڕوایە دان کە پەیوەست بوونی کوردستانی بە تویتەر ئاستی دارایی ئەو کۆمپانیایە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەکاتەوەو دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئەو کۆمپانیایە لە بازارەکانی بۆرس دا.