لە سەر بانگەوازی چالاکانی مەدەنی کە بە شێوەی خۆڕسک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بانگەوازی بۆ کرابوو، رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی رەزبەر، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕێزیان لە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان گرت.
رۆژهەڵاتییەکان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتو سەرانسەری جیهانەوە بە تایبەتی وێنەی خۆیان بە جلوبەرگی رازاوەی نەتەوەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک، تویتێر، تێلێگرامو ئینستاگرامدا بڵاو کردەوە و بەم جۆرە هەستی نەتەوەییو رێزگرتن لە کەلتورە نەتەوایەتییەکانی خۆیان بەرز راگرت.
ئەگەرچی پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی لە نێو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچکات لە مۆد نەکەوتووە، بەڵام لە نێو شارو بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دا ئەمڕۆ پێشوازی لەم بانگەوازە بەرچاو بوو و ڕادەی کوردی پۆشان لە شەقامی شارەکان دا بەرچاوتر لە رۆژانی ئاسایی بوو.