تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکەش بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانیان کردە ئامانج.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردان تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەخەستی ناوچەی “ئالانە” سەر بە شارۆچکەی “چۆمان” لە باشووری کوردستانیان تۆپباران کردەوە.
کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: لەو هێرشەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و تۆپخانەکانی ڕێژیم بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کردۆتە ئامانج، کە بە خۆشییەوە زیانی گیانی نەبووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دەوڵەتی تورکیە لە ساڵانی ڕابردووشدا بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستانیان کردوەتە ئامانجی مووشەکی و تۆپخانەکانی خۆیان، کە ئەو هێرش و سنووربەزاندنانە زۆر جار زیانی گیانی و ماڵیی زۆریشی بە خەڵکی مەدەنیی ناوچەکەش گەیاندوە.