دڵسۆزێکی کورد لە ناوچەی بانە بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان شەوی ٢١ ی ڕەزبەر کاک فەتاح محەممەدپوور، ناسراو بە فەتاحی حەمەڕەشی سیوج بەهۆی نەخۆشی دڵی لە لێدان ڕاوەستا.
کاک فەتاح محەممەدپوور کەسێکی خەباتکارو نیشتمانپەروەر بوو. ئەو دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧و سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان هاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج لە شەڕەکانی ڕێی بانە_ سەردەشتدا ئازایەتیی زۆری نواند.
کاک فەتاح محەممەدپوور ساڵی ٦٣ ی هەتاوی کە بە مەبەستی بینینی بنەماڵەکەی سەردانی گوندی کردبۆوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گیراو ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە بەندیخانەدا مایەوە.
ئەو دوای ئازادبوون لە زیندان بە بیرو باوەڕەوە ژیاو قەت سەری بۆ دوژمنانی نەتەوەکەی نەوی نەکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری کاک فەتاح محەممەدپوور دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.