بە گوێرەی ئامارانە ناڕەسمییەکان، پارێزگای ورمێ لە ئێستادا بە هۆی بوونی ١٢٨ هەزار کەسی نەخوێندەوار، لە پلەی ٢٨ی ڕیزبەندیی پارێزگاکانی ئێران دایەو هەر ئەوەش دەری دەخا کە ئەو پارێزگایە یەکێک لە پەراوێزخراوترین ناوچەکانی ئێرانە.
هەرچەندە کاربەدەستانی پارێزگای ورمێ باس لە بوونی ١٨٣ هەزار کەسی نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا ئەکەن، بەڵام کارناسانی ئەو بوارە لەو بڕوایە دان کە ئاستی نەخوێندەواری زۆر لەوە بەرزترە کە دامودەزگاکانی ڕژیم باسی دەکەن.
حەوتووی ڕابردوو جێگری ڕێکخراوی فێرکاری ئێران دوایین ئاماری نەخوێندەوارەکانی سەرانسەری ئێرانی بە ٨٦٠ هەزار کەس ناوبرد کە تەمەنی نێوان ١٠ بۆ ٤٩ دەگرێتەوەو لەو ڕێژەیە ٧٥ هەزار کەسی تەنیا لە پارێزگای وڕمێیە.
محەمەد ڕەزا نەجەفی جێگری ڕێکخراوی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە پارێزگای ورمێ، زۆریی ئاستی نەخوێندەواری لەو پارێزگایە دەگێڕێتەوە بۆ هەژاری بنەماڵەکان، کەمبوونی کەرەستەو پێداویستی خوێندن، پەراوێزنشینیی شارەکان، نەریتی کۆنی خێڵەکیو نەبوونی مامۆستای ژن لەو ناوچانە. ئەوە جگە لەوەی کە ٤٩ هەزار کەس لە دایکو باوکان لەو پارێزگایە نەخوێندەوارنو ئەوەش کارتێکەری خراپی هەبوو لە سەر مندالەکانیان.
پێویست بە ئاماژەیە کە پارێزگای ورمێ لە ڕێزی ئەو ٦ پارێزگای ئێران دایە کە ئاستی بێکاری تێیاندا زۆر بەرزەو بریتین لە: پارێزگای سنە، سیستان و بلوچستان، کرمان، خوراسان باکوور و لوڕستان.