خەڵکی ئەفغانستان، کەمپەینێکیان لە ژێرناوی ” کاڵای ئێرانی ناکڕین” ڕێک خستوە و هەتا دێت بێزراویی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە پەرە دەستێنێ .
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەڕەبیە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، خەڵکی ئەفغانستان و بەشێک لە نوێنەرانی پارلمانی ئەو وڵاتە و چالاکانی مەدەنی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەفغانستان، وەکوو بێزارییەک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر خەڵکی ئەفغانستان و بە تایبەت کوشتنی دەیان ئەفغانی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، کەمپەینێکیان لە ژێرناوی “کاڵای ئێرانی ناکڕین” ڕێک خستوە و بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە دەستینێ .
شایانی باسە کە لەو پێوەندییەدا “عەبدولستار حوسێنی”، ئەندامی پارلمانی ئەو وڵاتە لەو بارەوە ڕایگەیاند کە هیوادارم ئەو کەمپەینە بە شێوەیەکی بەرچاو لە لایەن خەڵک و حکوومەتی ئەفغانستانیشەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردوودا لە چەند ڕووداوی دڵتەزێن و نامرۆڤانە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دەیان هاووڵاتی ئەفغانی لە سەر سنووری نێوان دوو وڵات و هەروەها، پارێزگاکانی یەزد و کرمان سووتان و کوژران کە کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو جینایەتەیان مەحکووم کرد.












