بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و مینە چێندراوەکان سێ کۆڵبەری کورد بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی “ورمێ”، بە ناوی “قابیل مەرجانی”، لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەم ناوچەیە بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراوەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بریندار بوو و لاقێکی لەدەست دا.
لە لایەکی تر، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی سنووری “دۆڵەتوو”ی سەردەشت، تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “ڕەسوول حەسەنزادە”، بە سەختی بریندار بوو.
لە هەواڵێکی تردا و هەمان ڕۆژ، ٢٦ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووری بانە تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێک کرد و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەم شارە، بە ناوی “هادی ڕاستی”، بە سەختی بریندار بوو.
شایانی باسە، هەژاری و نەداری لە بەشی زۆری ناوچەکانی کوردستان و نەبوونی دەلاقەیەک بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانە، کەسانێکی زۆری ناچار کردوە بۆ پەیدا کردنی پاروە نانێک ڕوو بکەنە شاخ و کێوەکانی کوردستان و هەموو سەختییەکانی ئەم ڕێگەیە لە سەرووی هەموویانەوە تەقەی بەردەوامیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی قەبوڵ بکەن و لەم ڕێگەیەدا زۆر کەس گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.