پێشکەشە بە چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستان
(جۆزەردانی ١٣٦٥نووسراوە، چەند ساڵێک دواتر کۆڕی هونەریی حیزب کردی بە سروود و لە ئەرشیڤی ڕادیۆ ئەو سروودە هەیە).
کە کوردستانی راپەڕیو،
چنگوڕکی شەڕ کەوتە گیانی،
لە زەویو لە ئاسمانەوە
هاتن بۆ گەمارۆدانی،
لە خەباتمان یاخی دەبوون
لەشکری ڕەشی و نەزانی،
یەکەم ئامانجی دوژمن بووین
بۆ قەلاچۆ، بۆ وێرانی،
خۆزیای رادیۆ، خۆزیای گشت بوو ئاواتی ورد و درشت بوو.
دەبوو دەنگی خەباتی کورد
لە کەوشەنی ماد تێپەڕێ،
چیرۆکی خاپوور بوونەکەی
کوردستانمان بۆ دوور بەرێ،
دەبوو بانگەوازێک بدا
بۆ پاراستنی سەنگەرێ
کە مەتەرێزی شەڕەفەو
سووک تێک ناشکێ لە هیچ شەڕێ.
لە کاتێک دا خۆری خەبات
دەبوو لە تەم بێتە دەرێ:
خۆزیای رادیۆ، خۆزیای گشت بوو ئاواتی ورد و درشت بوو.
***
٤٠ ساڵ لەمەوبەر لەمڕۆ دا
لە کوردستانی بەشکۆ دا
دەنگی کوردستانی ئێران،
دەنگی ئازایان، بوێران،
دەنگی گەلێکی خەباتگێڕ،
نرکەی پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ،
دەنگی ڕێبوارانی قازی،
دەنگی شەڕەف و شانازی،
شەقەی باڵی هەڵۆی چیا،
بوو بە ڕەمزێکی دڵنیا،
بۆ سەربەرزیی کوردستانێک، بۆ خوێنمژان، گۆڕستانێک!
***
دەنگی حیزبێکی شۆڕشگێڕ
بە خەبات و نەسرەوتن فێر،
دەنگی پێشەنگی خەبات و
ڕێکخەری کرێکار، جووتێر،
دەنگی ڕۆشنبیری ئازای
ڕاهاتوو بە ڕژد و هەڵدێر،
دەنگی ژنانی ڕا پەڕیو
زنجیرپسێن، بوێر، دلێر،
دەنگی دەیان هێز پێشمەرگەی
گیانباز و نەترس و جوامێر،
بوو بە تیشکی مانگی شەوی لێڵتر لە گشت شەوی زەوی.
***
دەنگێک دەنگی چەوساوەکان،
هاواری بەشخوراوەکان،
گیانێکی تازەی نایەبەر،
شێلگیرە تێکنەشکاوەکان،
بوو بە ئێعجازی مەسیحای
هەژارە لێقەوماوەکان،
بوو بە هاندەری میللەتێک،
ورد و درشت و لاوەکان،
ئەی ئاوێنەی تەواونوێنی
حەماسەکان! ڕووداوەکان!
بۆ حیزب و گەل جێی شانازی! بژی دەنگی حیزبی قازی!