ئەندامێکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم گوتی: “ئەو قەیرانی بێمتمانەییەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێراندایە، ئاکامی کار و کردەوەکانی دەوڵەتی ڕۆحانی، مەجلیسی دەیەم و شۆڕاکانی شارە. لە ڕاستییدا قەیرانی بێمتمانەیی لە کێشە ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ. لە هەلومەرجی ئێستادا خەڵک شایەدی بەرزو نزمیی نرخی دراون کە لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە چەند قات. لە لایەکی تریشەوە لەم ساڵانەی دواییدا هەڵاوسان زیاتر بووە، بەرزونزمیی بەرچاوی نرخەکان هاتووەتە ئاراوە و، هەر بەم هۆیەشەوە نزیک بە دوو لەسەر سێی خەڵکی وڵات چوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.”
“مێسباحی موقەددەم”، لە کاتێکدا هەموو تاوانەکان دەخاتە ئەستۆی ڕۆحانی کە ئەمڕۆکە تەنانەت هەموو کەس دەزانێ مافیای خامنەیی، سپای پاسداران و ئەندامانی بەیتی ڕێبەری کە مێسباحی موقەددەمیش یەکێک لەوانە، لە وێرانیی وڵات و ئابووریی ئێراندا تاوانبارانی سەرەکین و، هەمووان ئاگادارن ڕۆحانی وەک ئەوان یەکێک لە گەندەڵکارەکانی وڵاتە.
شایانی باسە، بێ بەرنامەیی کاربەدەستانی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵاتدا و نەبوونی بەرنامە و پلانی گونجاو بۆ بەهێز بوونی ژێرخانی ئابووری، خەڵکی ئێرانی تووشی نەهامەتی کردوە و خەڵکێکی زۆر ئێستا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بە تەواوی لە بەرپرسان بێهیوا بوون و متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە.