ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران، ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٨٨٥ هەزار کەس کارەکانیان لە دەست داوە.
ناوەندی توێژنەوەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بێکار بوونی زیاتر لە ٨٨٥ هەزار کەس لە ئێراندا لە نێوان زستانی سالی ٩٧ تا زستانی ٩٨ی هەتاوی کرد کە کارەکانیان لە دەست داوە و، لەو ڕێژەیە تەنیا لە یەک وەرزدا ١٥٠هەزار ژن بێکار بوون. هەر بە پێی ئەو ئامارە ڕێژەی بێکاریی ژنان زیاتر بووە و لە وەرزی زستانی ٩٨ دا دوو بەرابەری پیاوان بووە و بەو پێیە ئاماری بێکاری لەنێو ژناندا لە سەتا ١٧ و لە پیاوان لە سەتا ٩ بووە.
بەپێی ئەو ئامارە نوێیە لە سەتا ٩ی بێکارانی ساڵی ٩٧، بەهۆی دڵسارد بوونەوە لە دیتنەوەی کار لە بازاڕی کاردا، چوونە دەر و لە دۆزینەوەی کار نائومێد بوون.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە هەوڵیداوە خەڵکی ئێران لە هەژاریدا بهێڵێتەوە و ڕێژەی بێکاری ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و کاربەدەستانی ئەو نیزامە گەندەڵە نەک هەر لە بیری ئەوەدا نین کە بیرێک لە ژیانی بێکاران بکەنەوە، بەڵکوو سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە ڕێگەی ناردن بۆ گرووپە میلیشیا و تێرۆریستییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و، نانەوەی ئاژاوەگێڕی خەرج دەکەن و هیچ ئاوڕێک لە دۆخی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران نادەنەوە.