بەپێی ئامار و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، کۆڕۆنا لە چەند پارێزگایەکی ئێران حەوت بەرابەر زیادی کردوە.
بەردەوامی و تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا لە ئێران و کەمتەرخەمی و خەمساردی دەسەڵات، ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستۆتە نێو دڵی خەڵکی ئێران و بە پێی ئامار و زانیارییەکان، ئەم ڤایرۆسە بە شێوەیەکی بەربڵاو خەڵکی تووشی نەخۆشی کردوە و لە ١٤ پارێزگای ئێران حاڵەتی مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی جۆزەردان، ژمارەی تووشبوان گەیشتۆتە ٢٤٧٢ کەس و ١٠٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
دۆخی پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، بەلووچستان و خووزستان و چەند پارێزگایەکی دیکە زۆر مەترسیدار ڕاگەیەندراوە. کاربەدەستانی بەشی تەندروستیی پارێزگای سنە ڕایانگەیاندوە کە ئاماری تووشبووان و مردن بە کۆڕۆنا بۆ حەوت بەرابەر بەرز بۆتەوە و حەوتووی داهاتوویان بە حەوتووی ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندوە.
لە لایەکی دیکەوە پێنج نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، لە نامەیەکدا دەوڵەتی ڕووحانییان بە کەمتەرخەم تۆمەتبار کردوە.
بەپیی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تا ئێستا ژمارەی تووشبوان گەیشتۆتە ١٨٧ هەزار و ٤٢٧ کەس و مردن بە کۆڕۆنا گەیشتۆتە سێ ڕەقەمی واتە ڕۆژانە لە ١٠٠ کەس تێپەڕیوە.