سپای پاسداران، دەزگای دادی ڕێژیم بە درۆ دەخاتەوە
سپای پاسداران هەواڵێکی وتەبێژی دەزگای دادی ڕێژیمی لە هەمبەر سیخوڕی کردن لەسەر “قاسم سلێمانی” بە درۆ دەخاتەوە .
هەواڵدەریی “تەسنیم” کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمە لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی جۆزەردان، ڕاگەیەندراوێکی سپای پاسدارانی بڵاو کردەوە کە دەڵێ: “مەحموود مووسەوی مەجد” بە هیچ شێوەیەک ئەندامی سپای پاسداران نەبووە و ٢٦ مانگ پێش کوژرانی قاسم سلێمانی دەسبەسەر کراوە و هیچ پێوەندییەکی بە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە نییە.
شایانی باسە کە پێشتر وتەبێژی دەزگای دادی ڕێژیم “غوڵام حوسێن ئیسماعیلی”، ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو سیخوڕی لەسەر قاسم سلێمانی کردوە و شوێنی سلێمانی بۆ ئەمریکاییەکان ئاشکرا کردوە، هەر بۆیە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.
جێگای ئاماژەیە، درۆکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا هەنگاوێکیش بڕ ناکا و هەر خۆیان خۆیان بە درۆ دەخەنەوە.