ئێوارەی یەکشەممە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە هێرشێکی چڕیان بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە چەند شوێنی باشووری کوردستان دەست پێکرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی باشووری کوردستان، ئێوارەی یەکشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە چەند بنکە و بارەگای پەکەکەیان لە مەخموور، شەنگال، زاپ، قەندیل و خواکورک بە چڕی بوردمان کردوە.
هەرچەند تا ئێستا هیچ ئامارێکی شەهید و بریندار ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بە پێی چڕیی بۆردومانەکان پێدەچێ خەسارەتی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتبێتەوە.
شایانی باسە، تورکیە ئەم عەمەلیاتەی بە ناوی “چنگی هەڵۆ” ناوبردوە و دەڵێ لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ و لە لایەکی دیکەشەوە حکوومەتی عێراق ئەو هێرشانەی مەحکووم کرد و بە پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتە ناوی برد.