یەکێک لە بەندکراوەکانی زیندانی سەقز بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی چاونیوز، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز بە ناوی “سەید کەماڵ حوسێنی”، تەمەن ٣٤ ساڵ، کوڕی “سەید جەلال”، بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنا گیانی لە دەست داوە.
جێی ئاماژەیە، پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە دوو بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی سەقز تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەرپرسانی بەندیخانە نەک هەر مافی مەرەخەسییان پێنادەن، بەڵکوو ڕێگری دەکەن لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە.
شایانی باسە، زیندانیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتی لە بەشێک لە بەندیخانەکانی ئێراندا سەر هەڵبدا و زیندانیان داوای پێڕاگەیشتن و مەرەخەسی بکەن.