کاک “مراد پیرۆتی”، برای شەهید “ڕەحمان پیرۆتی” ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی، کاک “مراد پیرۆتی” لە ئاوایی “ئەندێزێ” ی پیرانشار بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
کاک مراد کەسێکی خۆشناو و جێی بڕوای خەڵکی ناوچەکەی خۆی بوو و هەروەها بە کەسێکی ئیماندار و بە خەمخۆرێکی نیشتمان دەناسرا.
ناوبراو برای شەهید”ڕەحمان پیرۆتی”، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە لە ڕووداوی کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاویدا شەهید بوو.
کاک مراد پیرۆتی کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی نیشتمان بوو و ئاواتی ئازادی کوردستان بوو، هەر بەو هیوایە سەری نایەوە و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک مراد پیرۆتی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.