ئەفغانییەکانی تاراوگە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کوشتنی ئەفغانییەکان بەدەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سوئێد خۆپێشاندانێکیان وەڕێخست.
تاراوگە نشینانی ئەفغانی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەفغانستان و، مەحکووم کردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر ئەفغانییەکان، لەبەر دەرگای باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە ستۆکۆڵمی پێتەختی سوئێد خۆپێشاندانێکیان ئەنجام دا.
خنکاندنی ئەفغانییەکان لە ڕووباردا و سووتاندن و کوشتنیان بەدەستی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان ئەو کردەوە جینایەتکارانەیان مەحکووم کرد.
لە ماوەی یەک مانگدا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێ کردەوەی جیاجیادا نزیک بە ٣٠ پەناخواز و کرێکاری ئەفغانیان کوشت و هەموو جارێکیش بە بیانووی جیاواز پاساو بۆ کردەوە مرۆڤکوژییەکانیان دێننەوە. هێزەکانی ڕێژیم ٥٢ کەسی ئەفغانیان دوای بێڕێزی و ئەشکەنجە و بێحورمەتی خستە ڕووباری هەریڕوودەوە، نزیک بە ٢٥ کەسیان لە ئاوەکەدا خنکان و تا ئێستاش تەرمی بەشێک لەوان نەدۆزراوەتەوە. لە کردەوەیەکی دیکەی دژە ئینسانییدا چەند کەسیان لە شاری یەزد لە ماشێنێکدا سووتاند کە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست دا و چەند کەسێکیشیان لە دۆخێکی خراپدا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان. هەروەها لە کردەوەیەکی دیکەدا لە کرمان ٤ کەسی ئەفغانیان کوشت کە ناڕەزایەتیی دەوڵەت و خەڵکی ئەفغانستانی بە دوای خۆیدا هێنا.
کۆماری ئیسلامی بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەفغانییەکانەوە باڵوێزی ئەفغانستانی بانگ کردوە و لە بەرابەردا “مریەم سەما”، ئەندامی پارلەمانی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئەفغانییەکان لە ڕووباردا دەخنکێنی، دەیانکوژێ و لە ئاگردا دەیان سووتێنی و بەو حاڵەش باڵوێزی ئەفغانستان بانگ دەکاتە وەزارەتی دەرەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕێ.












