پاش ڕاگواستنی “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان”، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار، ئەگەری لەسێدارەدانی ناوبراو لە ئارادایە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان”، زیندانیی سیاسیی کورد کە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە، بە بێ هیچ هۆکارێک لە زیندانی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەر بەو پێیە ئەگەری لە سێدارەدانی ناوبراو لە ئارادایە.
شایانی باسە، کەماڵ حەسەن ڕەمەزان بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران لەساڵی ٩١ی هەتاویدا بە بێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی کراوە و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. کەماڵ ساڵی ٩٣ی هەتاوی دەسبەسەر کراوە لە حاڵێکدا پارێزەری ناوبراو دەڵێ کە لە کاتی کوشتنی ئەو پاسدارەدا کەماڵ حەسەن ١٧ ساڵ تەمەنی بووە و لە ڕۆژاوای کوردستان بووە و تەنیا لەبەر لێکچوونی ناو لە گەڵ کەسێکی دیکە، دەسبەسەر کراوە، هەر بۆیە حوکمەکەی دادپەروەرانە نییە.