هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکایی جێگیر لە بنکەی “ئەلتاجی” لە عێراق و هاوکات کەتائێبی حیزبوڵڵا هەڕەشە لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە عێراقییەکان، ئێوارەی شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، بە چەند مووشەکی کاتیۆشا هێرش کرایە سەر بنکەی ئەلتاجی کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدا جێگیرن، بەڵام هەموو مووشەکەکان لە دەورووبەری بنکەکە کەوتن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیشی نەبوو کە پێدەچێت هەر وەکوو هێرشەکانی پێشتری گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکاییەکان بێ و مەبەستیان لێدانی بنکەکە و کوشتنی سەربازانی ئەمریکایی نەبووبێ.
لە لایەکی دیکەوە چەند خولەک دوای مووشەکبارانکردنی بنکەکە کەتائێبی حیزبوڵای لوبنان بە ڕاگەیەندراوێک هەڕەشەیان لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریکایی کرد کە دەبێ عێراق بە جێبێڵن.












