سپای پاسدارانی ڕێژیم لە بەردەوامیی زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستاندا، چەک و چۆڵیکی زۆری قورس و سووکی ڕەوانەی سنوورەکانی بانە و شنۆ کردوە.
بە پێی هەواڵی سەرچاوەکانی ئاگادار لە نێوخۆی وڵات، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، سپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕی سەربازی چەندین جۆر چەکی قورسی وەک کاتیۆشا و تۆپی دوورهاوێژی بۆ سنوورەکانی کێلەشین لە شنۆ و سنوورەکانی بانە ڕاگوازتوە، کە پێدەچێ ترس لە جموجۆڵی هێزە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و هەروەها زیاتر توندوتۆڵ کردنی سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ.
شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە بیانووی مانۆڕی سەربازی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بنکەی سەربازی نوێی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دروست کردوە و هاوکات بە بەردەوامی چەکوچۆڵی نوێیان تێدا جێگیر دەکات.
جێگای ئاماژەیە کە سپای پاسداران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە تۆپخانە، بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆپباران و بۆمباران کردوە .