ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور سکاڵایەکی لەسەر “غوڵامڕەزا مەنسووری”، دایە دادگای ڕۆمانی و لە لایەکی دیکەشەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدەن ناوبراو ڕادەستی دەوڵەتی ئێران بکرێتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕادیۆی ئورووپای ئازاد، حکوومەتی ڕۆمانی مانگێکی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردوە بۆ ئەوەی کە بەڵگەکانی خۆی سەبارەت بە غوڵامڕەزا مەنسووری ڕادەستی ئەو وڵاتە بکا بۆ ڕادەستکردنەوەی ناوبراو بە ئێران، کە لەم ماوەیەدا مەنسووری لە ڕۆمانیدا ئازادە، بەڵام ناتوانێ ئەو وڵاتە بەجێ بێڵێ. لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور کە پێشتریش بە تاوانی سزادانی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا بە دەستی غوڵامڕەزا مەنسووری سکاڵایەکی لەسەر ناوبراو بە دەوڵەتی ئاڵمان دابوو، جارێکی دیکە و پاش ئاشکرا بوونی شوێنی غولامڕەزا مەنسووری لە ڕۆمانی، سکاڵاکەی بۆ دادگای ئەو وڵاتە بەرز کردۆتەوە و دەڵێ لەو ماوەیەدا کە ناوبراو دادوەر بووە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەشکەنجە و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە کە بە فەرمانی ناوبراو جێبەجێ کراوە.
شایانی باسە پێشتر “غولام حوسێن ئیسماعیلی”، وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بە هۆی داواکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پۆلیسی ئینتێرپۆل دەسبەسەر کراوە، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ڕۆمانی و ڕادیۆ ئورووپای ئازاد قسەکانی “غوڵام حوسێن ئیسماعیلی”یان ڕەت کردەوە و ناوبراویان وەدرۆ خستەوە.