جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە داهاتی نەوتی ئێران ساڵانە لە ١٠٠ میلیارد دۆلارەوە بۆ ٨ میلیارد دۆلار دابەزیوە.
“ئیسحاق جەهانگیری”، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران لە ١٠٠ میلیارد دۆلارەوە بۆ ٨ میلیارد دۆلار دابەزیوە. ناوبراو ئەمریکا و ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعوودی بە پیلانگێڕان دژی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم سێ وڵاتە بە هاوکاری یەکتر ئەم پیلانەیان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دا و داهاتی نەوتی ئێران بۆ ٨ میلیارد دۆلار لە ساڵێکدا کەمی کرد.
ئەم قسانەی جەهانگیری لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی ئۆپێک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندوە کە داهاتی نەوتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا ٦٠ میلیارد و ٢٠٠ هەزار دۆلار بووە و باس لە ١٠٠ میلیارد نەکراوە و جەهانگیریش باسی ئەوەی نەکرد کە لە چ ساڵێکدا داهاتی نەوتی ئێران ١٠٠ میلیارد دۆلار بووە.
ئێسحاق جەهانگیری، بۆ جارێکی تر هاوشێوەی ئاخوندە هاودەستەکانی، گرانی و نەبوونی و برسییەتی خەڵکی ئێرانی خستە ئەستۆی ئەمریکا. ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان تۆمەتبار دەکا بە برسییەتی و نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێران کە ئەو ڕێژیمە ماوەی ٤١ ساڵە وەک یەکێک لە دیکتاتۆرترین و دواکەوتووترین دەوڵەتانی جیهان خەریکی سەرکوتی گەلانی ئێران و زیندانی کردن و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی و بەتاڵان بردنی سامانی ئەو خەڵکەیە. جەهانگیری باس لە دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوتی ئێران دەکا، بەڵام بە بەرچاوی هەموو دنیاوە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران لە ئیختیار میلیشیا و تێرۆریستەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەنێ و هەنگاوێک لە ئاژاوەگێڕییەکانی پاشەکشەی نەکردوە و پارەی نەوت بە جێگەی ئەوەی بۆ خەڵک خەرج بکرێ، خەریکە مووشەکی پێ ساز دەکا و دەیداتە چەکوچۆڵ بۆ کاری تێرۆریستی و شەڕ و ئاژاوەنانەوە لە جیهاندا و ئاوڕێک لە ژیانی خەڵکی ئێران ناداتەوە.












