وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی خۆیدا لە بەشی ئێران، ڕایگەیاند کە سەرکوتی مەزهەبی و نەتەوەیی لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێ.
بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشیکی لە هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”دا بڵاو بۆتەوە، سەبارەت بە ئیران دەڵێ: “لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام هەوڵ بۆ سەرکوت و تواندنەوەی بیر و مەزهەب و نەتەوە جیاوازەکان دراوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر هەلێک بۆ هەڵاواردنی مەزهەبی و نەتەوەیی و سەرکوتی جیابیران کەڵک وەردەگرێ و، بەتایبەت ئاماژە بە سەرکوتی ئەم دواییانەی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی دەکا و دەڵێ لە پارێزگاکانی کرماشان و خووزستاندا کە نەتەوەی کورد و عەرەبن، سەرکوت بە ڕاددەیەکی بەرچاو توندتر بووە لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران و هەروەها، سەرکوتی بەهاییەکان لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر پەرەی سەندوە.












