چالاکییەکی ژینگەپارێزی لە لایەن ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار بەڕێوەچوو.
ڕۆژی هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، چالاکییەک بۆ ناوچەی “خەرپاپ”ی پیرانشار بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و چالاکانی ژینگەپارێز بەڕێوەچوو.
لەم چالاکییەدا کە بە مەبەستی گرینگیدان بە پێگە و ڕۆڵی بنەماڵە و بەتایبەت ژنان لە پەروەردەی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، هەروەها بردنەسەری ئاستی جەستەیی و ڕووحی ئەندامان و شادبوونەوە بە سروشت بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای بەرنامەکەیاندا کۆڕێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێوەندی ژن و ژینگە، ڕۆڵی بنەماڵەکان بە تایبەت ژنان لە چاککردنی بیر و هزری ئەخلاقی ژینگەپارێزی و کار لەسەر منداڵان و هەروەها، بەرپرسیارەتی ڕێکخراوەکان سەبارەت بە پرسەکانی تایبەت بە ژینگە و هەروەها پرسە چارەنووسسازەکانی وەک مەترسیی لێدانی بەنداوەکان و ڕاگواستنی ئاوەکان بە تایبەت بەنداوی “باوەلە” و ڕاگواستنی ئاوی “خەرپاپ” و، دۆخی قەیراناوی جیهانی ژینگە و کێشە و گوشارەکانی بەردەم ڕێکخراوەکان، باسیان لێوە کرا.
لە بەشێکی تردا لە لایەن بەشداربووان چەند پارچە شێعر و هەڵبەستی ڕەنگین و سروودی تایبەت بە ژینگە و سروشتی نیشتمان پێشکەش کران.
جێی ئاماژەیە، بەشداریی زۆرینەی ژنان و بە تایبەت منداڵان لەم هەڵمەتەدا جێگەی سەرنج بوو کە وەکوو بەرەی داهاتووی گەل بە بەشداریکردنیان لە چالاکی و هەڵمەتی هاوشێوەدا دەکرێ کاریگەرییەکی بەرچاویان لە خزمەتکردن بە ژینگەی کوردستان هەبێ.