لە سەرەتای سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا لە ئێران و جیهان، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو نەخۆشییە بەدوور نەبوو، بەڵام بە هەوڵ و هیممەتی دوکتۆر و پەرستار و چالاکانی مەدەنی زیانەکان تا ڕادەیەک کەم کرانەوە.
نەخۆشی کۆڕۆنا کە هەموو جیهانی گرتۆتەوە و تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنە دەسێنێ و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە و تووشبوانی ئەم ڤایرۆسەش لە حەوت میلیۆن کەس تێپەڕیوە.
لەگەڵ ئەوەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا باس لەوە دەکرا کە لە گەرمای سەرووی ٣٠ پلەدا کاریگەریی نامێنێ، بەڵام بە پێچەوانەوە لەگەڵ هاتنی گەرما نەخۆشییەکە زیادی کرد و لە ناوچە گەرمەکانی جیهان ڕۆژانە خەڵکی زیاتر دەبنە قوربانی.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا نزیک بە تەواوی شارەکانی داگرتوە و بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان تا ئێستا نزیک بە هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا خەڵک زۆر بە جییدی مەترسییەکەیان وەرگرت و لە ماڵەکانیان مانەوە، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، خێرخوازان و نیشتمانپەروەران، دوکتۆر و پەرستارەکان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هاوکاری خەڵکیان کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی و بێکاری، خەڵک لەوە زیاتر نەیانتوانی لە ماڵەکانیان بمیننەوە و بە فەرمانی دەوڵەت بەربەستەکان هەڵگیران و بڕیاریاندا کە بازاڕ و خوێندنگەکان بکرێنەوە، ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زیاتر تووشی ئەم ڤایرۆسە بن و ئێستا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە، بە تایبەتی دوو پارێزگای سنە و کرماشان زۆرترین قوربانی لێکەوتۆتەوە و بەهۆی کار و بەریەککەوتنی خەڵک نەخۆشییەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ.
ئەوەی کە ئەرکی دەوڵەتە وەک پێشگیری و پێڕاگەیشتن بە نەخۆشخانە و نەخۆشەکان زۆر کەمە یا هەر نییە و ئەمەش بۆتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە و بۆتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر ژیان و گیانی خەڵک.
ئەوەی کە دەبێ بکرێ و پێویستە ئەوەیە کە خەڵک خۆیان دەبێ ڕێنماییە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگرن، لە شوێنە قەرەباڵغەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان دوور بگرن لە کۆڕ و کۆبوونەوە و زەماوەند و میوانداری بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە و لە تووشبوون و مردن بە کۆڕۆنا ڕزگاریان بێ.