ئەندامانی گرووپی شاخەوانی “هەتاو”ی سەقز چالاکییەکی شاخەوانیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەشێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی سەقز، چالاکییەکی شاخەوانییان بۆ شاخی “سوڵتان قەزوان”، لە گوندی “عەلی ئاوا”ی ساحێوی سەقز بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییەی شاخەوانان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە دژی کاری منداڵان بەڕێوەچوو.
جێی ئاماژەیە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ١٢ی ژوئەنی وەک ڕۆژی خەبات دژی کاری منداڵان دەست نیشان کردوە و، گرینگترین هۆکار بۆ دەستنیشان کردنی ئەم ڕۆژە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ژێر گوشاری چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی منداڵان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگە و پێشگرتن بەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا.
شایانی باسە، کەم نین ئەو منداڵانەی لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان خەریکی کارکردنن و ئەرکی بەڕێوەبردنی بنەماڵەیان لەسەر شانە و لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بەرەوڕوو دەبنەوە کە وێڕای هەوڵی بەردەوامی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەڕێوەبردنی چەندین چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیە و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە، بەهۆی خەمساردی لایەنی پێوەندیداری دەسەڵات هەوڵەکان ئاکامێکی ئەوتۆیان لێنەکەوتۆتەوە.